قۆناغەکانی گەشەکردنی کەسێتی لە بیردۆزی "فرۆید"دا

نووسینی :جەواد قاسمی زەنوشە
وەرگێرانی : زانکۆ محمد


cropped-freudandhiscouch1.jpg


 سیگمۆند فرۆید باوەڕی وابوو ڕەگی ئەو گرفت و نەخۆشییە دەروونییانەی لە نەخۆشەکانیدا دەردەکەون، لە سەردەمی منداڵی خۆیان لە نێو دەرووندا داکوتاوە. ئەزموونگەلی سەردەمی منداڵی بە ڕاددەیەک لای فرۆید گرنگ بوو کە گووتویەتی، کەسێتیی مرۆڤ لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بە تەواوی شکڵ دەگرێت و دەچەسپێت. سەرچاوەی ئەم دیدەی فرۆید منداڵیی خۆی و بیرەوەریی نەخۆشەکانییەتی. ئەو هەستی بە چەندان ناکۆکیی بەهێزی زایەندی* کرد لە منداڵانی پێنەگەیشتوودا، ناکۆکیگەلێک کە لە دەوری چەند تەنئەندامێکی* تایبەت کۆدەبوونەوە. ئەو دەرکی بەوە کرد کە لە تەمەنە جیاوازەکاندا، هەر ئەندامێکی لەش، لە ڕووی ناکۆکییەکانەوە، گرنگی زیادتری هەیە. لە هەر قۆناغێکی گەشەسەندی کەسێتی چەند ناکۆکییەک هەن کە دەبێت بەر لە تێپەڕینی ئەو قۆناغە، چارە بکرێن. هەندێ جار مرۆڤ حەز ناکات یا ناتوانێ یەکێک لە قۆناغەکان تێپەڕێنێت، لەبەر ئەوەی ناکۆکییەکەکان چارەبەدەرن، یان چونکە دایبابی بە ڕادەییەک بۆ دەستەبەرکردنی پێوستییەکانی نەرم و ناجڵەوگیرن، کە منداڵەکە نایەوێت ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت. هەر جۆرێک بێت، وا باسی دەکەین کە کەسەکە لەو قۆناغەدا چەقیوە یا چەسپاوە. لەم دۆخی چەقینەدا (fixation- تثبیت) بەشێک لە لیبیدۆ یا وزەی دەروونی بۆ قۆناغێک بەکاردێت کە ماڵی قۆناغێکی دیکەیە، بەمەش وزەی کەمتر بۆ مەرحەلەی دواتر دەمێنێتەوە


. قۆناغەکانی گەشەی دەروون- زایەندی لای فرۆید:


قۆناغی زارەکی- oral stage (٠-٢) ساڵی:


لە ماوەی یەکەمین ساڵی ژیانی منداڵ، دەم گرنگترین سەرچاوەی کەمکردنەوەی فشار و چێژوەرگرتنە. لەم قۆناغەدا، وابەستەیی و بۆ دەم بردنی هەموو شتێک، لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی منداڵن. منداڵ لە ڕووی دەروونییەوە ساز نییە و ئەوانی دی دەبێت ئاگاداری بن. یەکەمین بەرکەوتنەکانی ئەو لەگەڵ دنیای دەرەکیدا لە ڕێگەی گرتن و بۆ دەم بردنی شتەکان و دەردانەوەیانە. توانای پشتبەستن و متمانەکردن بەوانی دیکە، لە نێو تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغەدان. بە درێژایی ئەم قۆناغە، دوو جۆری ڕەفتارکردن لە گۆڕێن: ڕەفتاری مژینی زارەکی (Oral (Incorporative Behavior (خواردن و مژین) یا ڕەفتاری توندوتیژانەی زارەکی (oral (aggressive behavior. (گاز گرتن و تف کردن). ڕەفتاری مژینی زارەکی، لە سەرەتادا ڕوودەدات و جوڵاندنی دەم بە هۆی خۆشی وەرگرتنەوە لە خواردن یا لەوانی دیکە، پەیوەستە بەمەوە. ئەو گەورەساڵانەی لەم تەمەنەدا چەقیون، زۆر حەزیان لە کردە زارەکییەکانە وەکو خواردن، نینۆک خواردن، جگەرە کێشان و ماچکردن. ئەگەر ئەوانە لە سەردەمی منداڵییان لەئەندازبەدەر بەناز بووبن(بۆ دەستەبەرکردنی داواکانیان)، ئەوا کەسێتیی زارەکیی ئەوان بەرەو گەشبینی و وابەستەییەکی نائاسیی لادەدات. چونکە بە منداڵی نازی زۆریان دراوەتێ، بە گەورەیش لە پێناو دەستەبەرکردنی پێویستییەکانیان وابەستەی کەسانی دیکە دەبن. بەو هۆیە، ئەو کەسانە لە ڕادەبەدەر خۆشباوەڕن، هەر شتێکیان پێ دەگووترێت، بە تەواوی باوەڕی پێ دەکەن و بە جۆرێکی بێجێ متمانە بە کەسانی دی دەکەن. ئەو جۆرە کەسانە واژەی *Oral receptive یان پێوە دەلکێت. دووەمین ڕەفتاری زارەکی، واتە توندوتیژەکیی زارەکی یا سادیزمی زارەکی، لە ماوەی ڕوودانی کارێکی ئازاربەخشدا دێتە گۆڕێ:هاتنی ددانەکان. لە ئەنجامدا ئەو منداڵانە، لە پاڵ عەشقدا، بە نەفرەتەوە لە دایک دەڕوانن. کەسانێک کە لەم قۆناغەدا چەقیون، ڕەشبینی، دژایەتی و توندوتیژییەکی زۆر لە ناخیاندایە. زۆریان ئەهلی شەڕەقسە و ناتۆرەبێژین. وشەگەلی ڕوخێنەر بەکاردێنن و لەگەڵ ئەوانی دی توندوتیژن. حەسودن و هەوڵ بۆ سالاری دەدەن. قۆناغی زارەکی لەگەڵ شیرخۆری کۆتایی دێت، بەڵام گەر چەقین ڕوویدابێت، بەشێک لە 'لیبیدیۆ' دەمێنێتەوە. و تەرکیزی منداڵ دەڕواتە سەر قۆناغێکی دیکە.


قۆناغی کۆمی anal stage


 لە دوای دوو ساڵی، لیبیدۆ لە ناوچەی دەمەوە بۆ لای کۆم دەگوازرێتەوە. کەواتە چیژ لای منداڵ سەرەتا لە دەردانی پیسایی و دواتر لە هێشتنەوەیدا بەرهەست دەبێت. ئەمە بەو مانایە نایەت کە منداڵ لە قۆناغی زارەکیدا هەست بەم چێژە ناکات. لەگەڵ ئەوە، لە ماوەی ساڵانی دووەم و سێیەمی ژیان، چێژی کۆمی نەخشێکی* باڵای هەیە. لە دەوروبەری ١٨ مانگی، کاتێک ئەرکێکی نوێ بۆ منداڵ دێتە گۆڕێ، فێربوونی چوونە سەرئاو، ئەو دۆخە بە جۆرێکی بەرچاو دەگۆڕێت. فرۆید پێی وا بوو کە ئەزموونی فێربوونی چوونە سەرئاو لە قۆناغی کۆمیدا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گەشەی کەسێتی هەیە. پیسایی کردن، هەستێکی زایەندی بۆ منداڵ دروست دەکات. بەڵام لەگەڵ فێربوونی چوونە سەرئاو، منداڵ دەبێت فێربێت ئەم چێژە دوابخات. ئەگەر ئەم پڕۆسەیە باش بەرەوپێش نەڕۆیشت، بۆ نموونە گەر منداڵەکە لە فێربوونیدا گرفتی هەبوو، یا دایباب زیاد لە پێویست چاوەڕوانییان لێی هەبوو، منداڵ بە یەکێک لەم دوو ڕێگەیە بەرتەکی* دەبێت، یەکێکیان ئەوەیە کە لە کات و شوێنێکی چاوەڕواننەکراودا پاشەڕۆ دەردەدات، و بەوەش هەوڵەکانی ئەوان بۆ ڕێکخستنەوەی، شکست دەخوات. گەر منداڵ ئەم ڕێگەیە بۆ لێسەلماندن و کەمکردنەوەی نائومێدی بەکاربێنێت، ئەگەر هەیە کەسێتییەکی کۆمیی توندوتیژانەی anal aggressive personality هەبێت. بە بڕوای فرۆید، ئەوە بنەمای بەشێکی زۆری گرفتەکانی ڕەفتاری دوژمنانە و ئازاردەرانەن لە ژیانی گەورەساڵاندا، لەوانە وەکو بێ ڕەحمی و وێرانکاری. کەسی ئاوا لەوانەیە ناڕێک و ئاژاوەگێڕ دەرچێت، و بەردەوام ئەوانی دی لە وێنەی شتانێکدا دەبینیت کە خەریکن داگیری بکەن. دووەمین ڕێگە: هێشتنەوە و دەرنەدانی پاشەڕۆ. ئەو کارە دەبێتە هۆی زیادکردنی چیژی زایەندی (بە هۆی پڕبوونی ڕیخۆڵە باریکەوە) وە دەتوانێت ڕێگەیەکی سەرکەوتووی نازکردن بێت بەسەر دایبابدا، چونکە ئەگەر ڕیخۆڵەی منداڵ چەند ڕۆژێک کار نەکات، دەبێتە هۆی نیگەرانی ئەوان. بەو هۆیەوە منداڵ ڕێکارێکی* تازە بۆ دەستکەوتنی سەرنج و خۆشەوسیتی دایباب دەدۆزیتەوە. ئەم هەڵسوکەوتە، بنەمای گەشەی ڕەفتاری پارێزکارانەی کۆمییە Anal retentive personality. ئەو کەسانە، کەللەڕەق و چاوچنۆک دەردەچن، و شتەکان هەڵدەگرن و لای خۆیان کۆیان دەکەنەوە. بە دەربڕینێکی دی، ئەم جۆرە کەسانە، وشک و ڕێکخراو، زۆرلەخۆکەر و ڕازاوە، سەرسەختن و زۆر بە ویژدان. لە کۆتاییدا، ڕێکارگەلی بەرکاری دایک بۆ فێرکردنی پاشەڕۆکردن و هەڵوێستی دایباب پەیوەست بە پرسگەلی وەک پاشەڕۆکردن، پاکوخاوێنی، چاودێری و بەرپرسیارێتی، کاریگەری زۆری لەسەر گەشەی کەسێتیی منداڵ هەیە.


 قۆناغی چوکی*


لە سنوری چوار بۆ پێنج ساڵی، لیبیدۆ لە دەوروبەری ئەندامی زاوزێ چەق دەگڕێ. لەم تەمەنەدا، سەرنجی منداڵان زیادتر بەرەو ئەندامی زایەندەکییان دەڕوات و بە دەست لێدانی چێژ وەردەگرن.سەبارەت بە پرسگەلی وەک لەدایکبوون و بابەتە زایەندییەکان و ئەوەی کە بۆچی کوڕەکان چوکیان هەیە کچان نیانە، کونجکۆڵ و پەیدۆز دەبن. ناکۆکییەکانی ئەم قۆناغە، ئاخیر و بنەڕەتیترین ناکۆکین کە منداڵ دەبێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە و بە سەرکەوتوویی چارەیان بکات. ئەم ناکۆکییە، هەمان داخوازی ناخودئاگایە (نەست) کە نزیکبوونەوە لە یەکێک لە باوان (ڕەگەزی بەرانبەر) و دوورکەوتنەوەیە لە ئەوی دیکەیان(هاوڕەگەز). فرۆید ئەم دۆخە بە 'گرێی ئۆدیب' ناو دەبات. ناوی ئەم گرێیەی لە ئەفسانەیەکی یۆنانییەوە، کە لە شانۆنامەی Oedupus rex لە نووسینی 'سۆفۆکلیس' لە سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا هاتووە؛ وەرگرتووە. لەو چیرۆکەدا، ئۆدیپی گەنج باوکی دەکوژێت و لەگەڵ دایکی هاوسەرگیری دەکا، بێ ئەوەی لەو دەمەدا بیانناسێتەوە. لە گرێی ئۆدیپ- دا، دایک دەبێتە مەعشوقی کوڕ. ئەو لە ڕێگەی خەیاڵبازی و ڕەفتارە ئاشکراکانەوە، خواستە زایەندەکییەکانی خۆی بۆ دایک دەردەبڕێت. بەڵام، کوڕ لەو ڕێیەدا، ڕووبەڕووی بەربەستێک دەبێتەوە:باوک، کە وەکو دوژمنێک دەیبینێت و هەڕەشەیە بۆی. بەو هۆیەوە، بەرانبەر باوکی حەسود و دوژمنکار دەبێت. فرۆید، گرێی ئۆدیپی لە ئەزموونەکانی خۆیەوە داڕشتووە و دەڵێت: "من خۆشم دوچاری عەشقی دایکم و حەسودی بەرانبەر باوکم بووم". ترسی کوڕ ئەوەیە کە باوکی تەنئەندامی تاوانبار، واتە ئەندامی زایەندی کە سەرچاوەی ئارەزوو و مەیلەکانی ئەوە؛ ببڕێت. لێرەوە 'نیگەرانی خەساندن' Castrion anxiety نەخشی خۆی دەگێڕێت. ترسی کوڕ لە خەساندن بە جۆرێک کاریگەرە، کە ناچاریدەکات مەیلەکانی بەرانبەر دایکی سەرکوت بکات. بە بڕوای فرۆید، بەم ڕێگەیە گرێی ئۆدیپ چارە دەکرێت. خۆشەویستیی قبوڵکراوی ترس دەکاتە جێگرەوەی مەیلی زایەندی بۆ دایکی، و خۆچواندنێکی بەهێز لەگەڵ باوکیدا دروست دەکات. هەوڵ دەدات بە لاسایی کردنەوەی ئەتوارە قالبییەکان، ڕەفتارەکان، هەڵوێست و پێوەرەکانی 'منی باڵا-Superego' ی باوک، زیادتر بەو بچێت.


گرێی ئۆدیپ لە کچاندا


 لە دیدی فرۆیدا ناکۆکیی ئەندامی زایەندی کچان کە هەندێ لە پێڕەوکارانی بە گرێی ئەلێکترا Electra Complex ناوی دەبەن، کەمتر ڕوونە (بەراورد بە ئۆدیپ). هاوشیوەی کوڕ، مەعشوقی کچانیش دایکە، چونکە یەکەمین سەرچاوەی خواردن، خۆشەوسیتی و ئاساییشە لە منداڵیدا. فرۆید دەنووسێت: "کچان، بە قوڵی هەست بە نەبوونی چوک (ئەندامی نێرینە) کە بۆ کوڕان بایەخێکی زۆری هەیە؛ دەکەن. بەو هۆیەشە خۆیان نزمتر لە کوڕان دەبینن. ئەو ئیرەییە بەرانبەر ئەندامی نێرینە، سەرچاوەی تەواوی کاردانەوەکانی ژنانە". لێرەدایە کە 'ئیرەیی چوکی' (penis envy) دەبێتە خاڵی بەرانبەری 'نیگەرانیی خەساندن'. کچان بڕوایان وایە چوکیان لەدەست داوە، کوڕانیش دەترسن لە دەستی بدەن. سەرەنجام کچان خۆپێچواندن لەگەڵ دایکیاندا دەکەن و ئەڤینی خۆیان بۆ باوک سەرکوت دەکەن. بەڵام ئەوەی کە چۆن ئەمە ڕوودەدا، فرۆید هیچی لەسەر نەگووتووە.


 کەسێتیی چوکی


 'ناکۆکییە چوکییەکان' و ئاستی چارەبوونیان، لە دیاریکردنی هەڵسوکەوتی پەیوەست بە ڕەگەزی بەرانبەر و هەڵوێستیان، نەخشێکی باڵا دەگێڕێت. فرۆید، 'کەسێتیی چوکی' پیاوانە بە بێترس و خۆبەزلزان و خۆباوەڕ وەسف دەکات. ئەو پیاوانەی کەسێتییەکی وایان هەیە، هەوڵ دەدەن پیاوەتی خۆیان لە ڕێگەی کردارگەلی وەک داگیرکاریی زایەندی بسەلمێنن، یا نیشانی بدەن. کەسێتیی چوکیی ژنانە، لە ژنێتی خۆیدا نوقم دەبێت، و بەهرە و سیحری خۆی بۆ وردکردنی پیاوان و زاڵبوون بەسەریاندا بەکاردەهێنێت.


ماوەی شاراوەیی قۆناغی ئارامی یا نەمانی چالاکیی زایەندییە کە لە نەمانی گرێی ئۆدیپەوە تاوەکو دەمی باڵغبوون درێژە دەکێشێت. وا دادەنرێت لە تەواوی ئەم ماوەیەدا بزوێنەری زایەندی لە دۆخی خامۆشیدایە. ئەم ماوەیە هەم بۆ کچان و هەم بۆ کوڕان، ماوەی وابەستەییە بە هاوڕەگەزەکانیانەوە. ئەم ماوەیە بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵان گونجاوە و دەتوانن فێری بابەتەکان و بەهرەگەلی تازە لە دەستەی خوێندنەوە و نووسین بن و فێربوونی ئاداب و ڕەوشتە کۆمەڵایەتییەکانیش بە هەمان شێوە. ئەگەر منداڵێک گرێی ئۆدیپی بە دروستی چارە کردبێ و لەگەڵ باوانی هاوڕەگەزیدا پەیوەندییەکی جێگیری ساز دابێت. بەهرەی پێویستی بۆ کێبڕکێ کردن لەگەڵ کەسانی دیکە بەدەستهێناوە و توانای ئەوەی دەبێت داکەوتبینانە* ڕووبەڕووی سەرکەوتن و شکست بێتەوە. قۆناغی زایەندی یا چوکی کۆتا قۆناغی دەروون- زایەندیی گەشەی کەسێتی، لە دەمی باڵغبوونەوە دەستپێدەکا، جەستە لە ڕووی فیزیۆلۆژییەوە باڵغ دەبێت و ئەگەر چەقینێکی بەرچاو لە قۆناغگەلی پێشوو ڕووینەدابێت، دەکرێت مرۆڤ بەرەو ژیانێکی ئاسایی بڕوات.


تێبێنی // وەرگێر بەرپرسە لە هەر هەڵەیەکی رێنووسی و بابەتی لەم وەرگێرانە.


. تەنئەندام: ئەندامی جەستە


 داکەوت:واقیع


 زایەندی:سێکسی


 چوک:ئەندامی نێرینە


 بەرتەک:کاردانەوە


 نەخش:ڕۆڵ


 ڕێکار:میتۆد


 Oral receptive: کەسێکە کە ئارەزوویەکی زۆری بۆ چالاکییە دەمییەکان هەیە، وەک جگەرەکێشان، نینۆکخواردن....


Comments

Popular posts from this blog

تیۆری کەسایەتی کارل گۆستاف یۆنگ

ئەنیما و ئەنیمۆس-ی مۆدێرن ...

مانای ژیان - ڤیکتۆر فرانکل