سایکۆلۆژیایی هەڵبژاردن
جەماوەری هەڵبژاردن
(1)
گۆستاف لۆبۆن بڕوای وایە کە جەماوەرەکان بە گشتی لە هەموو دونیادا، چەند تایبەتمەندی و خەسڵەتێکیان هەیە کە پێێ جیا دەکرێنەوە. جەماوەر هەڵگری هەمان خەسڵەتەکانی ئەو تاکانە نیە کە لێی پێکدێت. کۆمەڵێک تاک کە کۆدەبنەوەو جەماوەرێک دروست دەکەن، هەندێک تایبەتمەندی نوێ دروست دەکەن و هەندێکێش ون دەکەن. وە هەروەها "گۆستاف لۆبۆن" پێی وایە کە جەماوەریش دابەش دەبێت بەسەر چەند جۆرێکدا و لە ناوینادا جەماوەری هەڵبژاردن جیادەکاتەوە. پێناسەی دەکات بەوگروپە خەڵکەی کە بانگهیشت دەکرێن تا کۆمەڵێک خەڵک لە هەندێک ناوەند و پۆستدا هەڵبژێرن. وە ئەو جەماوەرەش بە جەماوەرێکی ناوێکچوو دەچوێنیت. جەماوەری هەڵبژاردن هەڵگری هەموو ئەو خەسڵەتانە نیە کە جەماوەر بەگشتی هەیەتی، چونکە ئەرک و مهامی جەماوەری هەڵبژاردن تەنها لەیەک خاڵدا کۆدەبێتەوە ئەویش هەڵبژاردنی کەسێکە لە نێو کۆمەڵە کەسێکدا. گۆستاف لۆبۆن بەگشتی سیفەتە بنەرەتیەکانی جەماوەر بەم چەند جۆرە خوارەوە دیاریی دەکات کە ئەمانە:
1- جەماوەر بیرکردنەوەی عەقلی لاوازە : جەماوەری هەڵبژاردن زیاتر لە لایەن ناهۆشمەندییەوە کۆنترۆڵ دەکرێت هەتا هۆشمەندی. رەفتارەکانی زیاتر کاردانەوەی ئەو کارتێکەرانەیە کە کاریی تێدەکات نەک بەرئەنجامی عەقل و لۆژیک بێت. هەر ئەو کارتێکەرە وەک تاک ئەو کاریگەریەی لەسەر دروستناکات. بەلای "لۆبۆن"ەوە ئەو کاریگەریانە دەتوانن جەماوەر سەرگەرم بکەن و بیانخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، وا دەکات ببێتە جەلاد و بەئاسانیش بىێتە قوربانی و شەهید بێت بۆ باوەرەکەی. رابردووی ئێمەش لەگەڵ هەڵبژاردنەکان سەلماندویەتی کە حیزبەکانی هەڵبژاردن چۆن دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان جەماوەر هاندەن بەو جۆرەی دەیانەوێت و شەرە پەرۆی سەرجادەکان و بە کوشتدان و بریندارکردنی خەڵک زۆر بە سانایی لە ژێر ئەو دروشمە باق و بریقەی هەیان بووە.
2- گیانی رەخنەگرانەی نییە. جەماوەر بەگشتی و جەماوەی هەڵبژاردن بەتایبەتی کەم واهەیە بتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کارتێکەرانە بکات کە کاری لێدەکەن. هەرکاتێک قسەیەک دەکرێت وەک پەتا بەناو ئەو جەماوەر بڵاو دەبێتەوە و هەمووان دەخاتە ژێرکاریگەری خۆیی، بڕواکردن بە هەموو ئەو دروشمانەی لەلاین کاندیدانەوە بەرزدەکرێتەوە بەبێ هیچ رەخنەیەک، چەند سەیر دەبێت ئێستا کاندیدێکی دەسەلات دروشمێک بەرزبکاتەوەو بڵێ "داهاتی نەوت ئاشکرا دەکەین بۆ خەڵک".
3- ساویلکە و خۆشباوەرە. زۆر بە خێرایی باوەر بە هەموو ئەو شتانە دەکات کە دەیبیستێت و کاریی تێدەکات، یەکەم پێشنیار کە بۆی دەکرێت وەک پەتا بڵاو دەبێتەوە ، زۆرجار بابەتەکان لە قەبارەی خۆیان گەورە دەکرێت و هەر بەوەندە ناوەستێت کە بیستویەتی و تێکەلەی دەکات بە خەیاڵ وێنەکانی ناو مێشكی خۆی.
4- هەڵەشەیە و بە زوویی توڕە دەبێت.
سایکۆلۆژیایی کەسی بەربژێر(کاندید)
(2)
ئەگەر بۆ جەماوەری هەڵبژاردن خەسڵەت و تایبەتمەندی سایکۆلۆژیی هەبێت و شێوازی مامەڵەی دیاریکراوی خۆیی هەبێت. ئەوا لەدیدی "گۆستاف لۆبۆندا" کاندیدیش هەندێک خەسڵەتی خۆیی هەیە کە دەتوانێت جەماوەری پێ لە خشتەبەرێت یان کاربکاتە سەر بیروبۆچوونی جەماوەری هەڵبژاردن، لەو تایبەتمەندیانەش ئەمانەی خوارەوەن:
1- هەیبەتی کەسیەتی: لۆبۆن بروای وایە یەکێک لەو شتانەی کە کار دەکاتە سەر دەنگدەر، هەیبەت و کەسایەتی کاندیدە، تەنانەت دانایی و بلیمەتیش ئەوەندە گاریگەری نیە، مەگەر ئەوەی کە سامان و دەمەوڵەمەندی بتوانێت قەرەبووی ئەوەی بۆ بکاتەوە، هەیبەتی کەسایەتی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنیکی تر رەنگە جۆرێک ، بۆ نمونە ئەگەر چاو بەناو کاندیدی سەرجەم حیزبە کوردستانیەکاندا بگێرین، زیاتر لەو کەس و لایەنانە پێکهاتووە کە لە ناوەندی عەشایەری و کۆمەڵایەتییەوە پەسەندن، کوری سەرۆک خێڵ یان پێش نوێژ و قورعان خوێن، یان کەسایەتی کۆمەڵایەتی، دکتۆر.... هتد. دەنگدەر تەنها کاتێک دەنگدەدات بە کەسێک کە هاوشانی خۆیی بێت، ئەگەر بۆ شکاندنی کەسێکی بەناوبانگ یان کە غەدرێکی لێکردون.2- گرنگە کە کەسی کاندیدی توانایی مامەحەمەیی هەبێت بۆ خەون و حەزوو ئارەزووەکانی دەنگدەر، نابێت دوو دڵ بێت لەوەی کە زۆرترین بەڵێن بدات بە دەنگدەرەکانی.. بەڵێن کە گەورە و گران بێت، گرنگ نیە کە دەتوانێت بیکات یان نا، بۆ نمونە دەتوانێت بە ڕوویەکی قایمەوە بڵێت "گەر دەتانەوێت کەرکووک بێتەوە سەرکوردستان، دەنگم پێبدەن" یان "مافە دەستورییەکانتان بۆ جێبەجێدەکەم" یان "مووچەی پاشکەوتکراوتان بۆ وەردەگرمەوە". ئەو ئەو دروشمە باق و بریقانەن کە جەماوەی حەزی پێدەکات، وە بەلای "گۆستاف لۆبۆن"ەوە گرنگە کە کەسی کاندید، دەبیت توانای تۆمەت بەخشینەوەی هەبێت، تۆمەتی گەورە و گران، گرنگ نیە کە بتوانێت بیسەلمێنیت یان نا، چونکە جەماوەر کەس دادگایی ناکات لەسەر سەلماندن یان جێبەجێکردنی ئەو قسانە، بۆ نمونە دەتوانێت بڵێت "هەموو هێزە کوردستانیەکان موئامەرە لە من دەکەن" یان حیزبی "س" یان کاندیدی "ب" بە سەدان ملیۆن دیناری پارەی خەڵکیان خواردوە. ئەگەر بەرامبەرەکەشی شارەزانەبوو، ئەوا دێت بە شێوەیەکی لۆژیکی وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتە، بەمەش کەوتنی خۆیی مسۆگەر دەکات. چونکە جەماوەر خۆیی عەقلانی نیە و پێویستی بەسەلماندن نیە، تەنها تۆمەت و ورتە ورتی پێچەونە کاریگەرە. هەروەک چۆن لە بابەتی 16 ئۆکتۆبەری کەرکووک هەردووحیزب، بە هاوبەشی کەرکووکیان ڕادەستکرد، بەڵام لە هەنگاوێکی زیرەکانەدا فێڵێکی باشیان لە جەماوەری خۆیان کرد و کەوتنە تۆمەت بە خشێنەوە بەرامبەر بەیەکتر، لە کاتێکدا هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نەبوو کە بیسەلمێنن کێ خیانەتی کرد.
3- پێویست ناکات بەرنامەی کاندید زۆر ورد بێت و بە قوڵی رۆچووبێتە ناو شتەکان، چونکە ئەمە جۆرە بەرنامەیە هەلی باش دەداتە دەست نەیارەکانی، تا لە رێگەری بەرنامەکەی خۆیەوە ڕووبەڕووی ببنەوە، تەنها ئەوەی لەسەریەتی بەرنامەیەکی سادە و ئاسان بەڵام گەورە و گران بێت بدات بە گوێی دەنگدەرەکانیدا، وە دەبیت زیادە ڕەویی زۆر بکات لە ناویدا بۆ نمونە"دەنگم پێبدەن هەمووتان دەکەم بە شەریکی نەوت" یان "مووچەی کابانی ماڵتان بۆ دابین دەکەم". چونکە ئەو جۆرە بەڵینانە کاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر دەنگدەر و پاشان کەسیش ناتوانێت لێپرسینەوەیان لێبکات لەسەریان، یان هیچ کەس بەدواداچوون ناکات بۆ ئەو بەڵینانەی کە داویان و جەماوەی هەڵبژاردن یادەوەریەکی لاوازیی هەیە، زوو بەڵێنەکانی بیردەچیتەوە.
سەرچاوە : #سایکۆلۆژیایی_جەماوەر . #گۆستاف_لۆبۆن.
Comments
Post a Comment