Stockholm syndrome- کۆنیشانە(سیندرۆم)ی ستۆکهۆڵم

2363_ouiasfloaatbyjgp
ستوکهۆلم سندروم (نیشانەکانی ستوکهولم)
دەستەواژەیەکە یان چەمکێکە بەرامبەر دۆخێکی دەروونی تایبەت بەکاردێت. کەتیایدا کەسی تووش بوو جۆرێک لە خۆشەویستی یان هاوسۆزی دەنوێنێ بەرامبەر بەو کەسەی کە دەیچەوسێنێتەوە یان تاوانی بەرامبەر دەکات، سەرباری ئەوەی ئەو کەسە ئازار دەچێژی و تووشی نارەحەتی دەبێت لەلایەن کەسە چەوسینەرەوەکە یان تاوانکارەکە، بەڵام ئەو هێشتا هەر دلسۆزی نیشاندەدات بەرامبەری. ناوەکەشی لەوەوە هاتووە کە لەسالی ١٩٧٣ کۆمەڵیک چەتە دەستیانگرت بەسەر بانکی (كريديتبانكين - Kreditbanken) لە ستۆکهۆڵم و چەند فەرمانبەرێکێان بە بارمتەگرت بۆ ماوەی ٦ رۆژ، کە ژمارەیان چوار کەس بوو (٣ ژن و پیاوێک). لەو ماوەیەدا بە بارمتەگیراوەکان، لە ڕووی سۆزداریەوە پەیوەندیەکیان بۆدروست بوو لەگەڵ چەتەکان و دوای ئازادکردنیان دەستیان کرد بە بەرگریکردن لێیان و ئامادە نەبوون لە بەردەم دادگا شاهێدیان لە دژ بدەن. پاش ئەوە زانای دەروونزانی سویدی نیلز بیجیرو (Nils Bejerot)  لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنی ئەنجامدا و بە تیۆریەکی نوێ بە کۆتا گەیشت، بە "ستۆکهۆلم سندروم" یان "کۆنیشانەی ستۆکهۆڵم" ناوبانگی دەرکرد.
لەهەمان کاتدا ئەو تیۆرە جەختی لەسەر ئەوەدەکردەوە، کە هەندێک کەس کاتێک ڕووبەڕووی دەستدریژی سێکسی، فڕاندن و ئازاردان  دەبنەوە، لە جێگای ئەوەی پارێزگاری لە کەرامەت و ئازادی خۆیان بکەن، دەستەمۆ، لایەنگیر و هاسۆز دەبن لەگەڵ دەستدرێژیکارەکە و هەوڵدەدەن بۆ رازیکردنی. ئەمەش سەرنجی زانایانی دەروونزانی بەلای خۆیدا راکێشا و لێکۆڵینەوەی تر لەم بوارەدا بەئەنجام گەیندرا.  ئەوە روونبۆوە کە ٢٣% قوربانیەکانی فڕاندن و دەستدرێژی جەستەیی، بە هەموو جۆرە جیاوازەکانی تووشی ئەو نەخۆشیە دەبن. وە زانایان گەیشتنە شیکردنەوەیەکی رازیکەر بۆ " ستوکهۆڵم سندرۆم". بەوەی پێیان وایە مرۆڤ کاتێك ڕووبەڕووی چەوسانەوە و سەرکۆنە دەبێت، وەکاتێک هەست بەوە دەکات کە ئیرادەی لەدەستداوە و هیچ کارێکی بدەست نەماوە، ئەو جەلادەی کە دەێچەوسێنێتەوە و دەستدرێژی دەکات سەر و لێیدەدات، ئەو کەسە دەخاتە بەردەم  دوو هەڵبژاردن ئەوانیش :
-          یان بە ئاگا و چاوکراوە دەمینێتەوە هەتا دەرفەتێکی بۆ دێتە پێش و خۆی رزگار دەکات لەدەستی جەلادەکەی.
-          یان رادەکات لەو هەستکردن بە بێ توانایی و ئازارەی هەیەتی بەوەی کە خۆی دەخاتە پال جەلاد و هاوسۆز دەبێت لەگەڵی. وە کاتیک کەسی قوربانی یان چەوسێنراو لە ژیر فشاری دەروونی دادەبێت دەروونیەن خۆی هەڵدەستێت بە دورستکردنی میکانیزماتی بەرگری دەروونی، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە کەسی تاوانکار و هۆگر بوون پیی. ئەگەر کەسی تاوانکار چاکەیەکی بچوک بکات یان دڵنەرمیەک بنوێنی بەرامبەری، ئەوا ئەو زۆر گەورەی دەکات لە چاو قەبارەی خۆی. واهەست دەکات ئەمە چاکەیەکە لەگەڵی کردوە لەکاتیکدا ئەو دەتوانی بیکوژی بەڵام نایکات.
کەسی قوربانی بەشێوەیەکی نائاگایانە و وەک منداڵێکی بێگەر وا هەست دەکات دەبێت پاڵپشتی کەسی تاوانکار بکات و رەزامەندی ئەو بەدەست بێنێ ، زۆر بەخێرای فێری ئەو شتانە دەبێت کەوا کەسی تاوانکار (چەوسێنەر) دڵخۆش دەکەن و زۆر بەخێرایش ئەو کارانەی بۆ ئەنجامدەدات، تەنانەت ئارەزووی رازیکردنی کەسی تاوانکار لەلایەن کەسی قوربانیەوە ئەوەندە دەبێت کە تەواوی پێداویستیە جەستەیی و دەروونیەکانی خۆی فەرمۆش دەکات.
ئەگەر هەر هەوڵیک بدرێ بۆ رزگار کردنی ئەوا نەک هەر رەتی دەکاتەوە بەڵکو بە مەترسیەک بۆسەرخۆی هەژماری دەکات و لەبەرامبەریدا بەرگریدەکات و ئامادەیە هاوکاری کەسی چەوسێنەر بکات تا نەهیڵیت ئەو هەوڵانە سەربگرێت. هەروەها کەسی تووش بوو بەو حاڵەتە لەرێگای میکانیزمی  (انکار)یکردنەوە پەیوەستی و سەرسامی خۆی بەکەسی چەوسێنەر دەشاریتەوە. هەروەها هەوڵدەدات لەرێگەی لاسایکردنەوەوە، وەکو ئەو هەڵس و کەوت بکات. بە دورکەوتنەوەشی دۆخیکی لەنێوان ترس و سەرسام بوون بۆ دروست دەبێت بەرامبەر تاوانکارەکە و وادەکات کەسی تووش بوو بە "نیشانەکانی ستۆکهۆڵم" هیچ ڕاڕا نەبێت لەوەی کە تاوانکارەکەی خۆش بوێت، سەرزەنشتی ناکات و هەموو تاوان و گوناحەکە ئاراستەی خۆی دەکات. یان ئاراستە ئەو کەس و لایەنانەی دەکات کە هەولی رزگارکردنیان داوە یان دەیدەن. وە هیچ لایەنێکی خراپ نابینێت لەکەسی چەوسینەر و ئامادەش نیە هێچ کات باس لە خراپیەکانی بکات لە بەردەم کەسانی تردا.
ئەم دیارەدەیە هەر لە نیوان ئەو کەسانەدا دەرناکەوێت کەوا دەبنە بارمتە یان فڕێندراون، بەڵکو زۆرجار لەپەیوەندیە خێزانیەکان لە نیوان باوک و منداڵەکان یان دایک منداڵەکانی دەردەکەویت. هەروەها  تووشی کۆمەڵ و نەتەوش دەبێت ، لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حکومەتە دیکتاتۆرە و داپلۆسێنەرەکاندا ئەوە بەرچاو دەکەوێت، ئەو سیستەمەی بەدرێژای مێژوو کاریکردوە لەسەر چەوساندنەوەی خەڵک  ترسێکی زۆری چاندوە لە ناخی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە جۆرێک لە پەیوەندی و هۆگری دروست دەبێت لە نیوان هەندێک لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەو حکومەتدا. کە ئامادەن هەمیشە لەبەردەم کەم و کوریەکانیدا بەرگری لیبکەن و بە رۆیشتنیشی هەست بەترس دەکەن. پێیان وایە دیکتاتۆریەت بە شێوەیەک پێویست و گونجاوە بۆ دەسەڵات.  نەمانی  "صدام حسێن" ئارەزووی زۆرینەی عیراقیەکان بوو بە کوردەکانیشەوە، بەڵام لە رۆژی خنکاندنەکەیدا زۆرێکیان لەو ئارەزووەیان پەشیمان بوون و لە ژیر بیانوی جیاوازدا دەیانویست رەتی ئەوەبکەن کە شایستەی ئەوە بووبێت یان دەگووترا "نەدەبوو لە رۆژی جەژن ئەوەکرابایە". بە عقڵەنەکردنی ئەو باوەرەیان ئەو هاوسۆزیەیان دەشاردەوە.
 دەرئەنجام " کۆنیشانەی ستوکهولم" شێوازێکە بۆ ڕاکردن لە فشارێکی دەروونی زۆر، بەڵام دواجار خۆیان لەگەڵ گونجاندوە. تووش بوو لە دوایدا چەند گۆرانێکی رەفتاری تێدا دەردەکەوێت، لەوانە زۆر خایاندن لە کار یان بیرکردنەوە یان هەرچالاکیەکی کتیب خوێندنەوە بەشێوەیەکی نامۆ  یان هەڵاتن لە رێگەی زۆر خەوتنەوە.  چارەسەر و مامەڵەی ئەو حاڵەتە هەوڵی زۆری دەوێت وەکو چارەسەری بەکۆمەڵ، پێشکەشکردن پشتگیری و هاوکاری و دەر‌هێنانی تووش بوو لە تەنیایی. وە پێوویستە جارێکی تر مانای رەفتاری، رەوشتی،  شەرەنگێزی و باشەیان سەرلەنوی لا دابرێژرێتەوە .



کارمەند عەزیز عەلی

www.facebook.com/karmand.aziz
سەرچاوە : ئینتەرنێت

Comments

Popular posts from this blog

تیۆری کەسایەتی کارل گۆستاف یۆنگ

ئەنیما و ئەنیمۆس-ی مۆدێرن ...

مانای ژیان - ڤیکتۆر فرانکل