بۆچی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا دەکەیت


 بۆچی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا دەکەیت

ئالاین دی بۆتن.

By ALAIN de BOTTON

ئەوە یەکێکە لەو شتانەی کە زۆر دەترسین بەسەرمانبێت. هەموو هەوڵێک دەدەین تا رێگەی لێبگرین، بەڵام بەهەمان شێوە هەر دەیکەین؛ هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا دەکەین.

بەشێکی بەهۆی ئەوەی ئێمە ژمارەیەکی زۆر کێشەمان هەیە، کاتێک کە هەوڵدەدەین لە کەسێک نزیک ببینەوە سەرهەڵدەدەن. ئێمە تەنها بۆ کەسانێک ئاسایین کە بە باشی نامانناسن. لە کۆمەڵگایەکی هۆشمەندتر و بە ئاگاتر لەوەی ئێستا هەمانە، پرسیارە ستانداردەکەی یەکەم ژوانی ئێوارە ئەوە دەبوو: "ئەی تۆ چەند شێتی؟"

لەوانەیە ئێمە مەیلێکی شاراوەمان هەبێت بۆ تورەبوون کاتێک کەسێک ناکۆک بێت لەگەڵمان، یان تەنها کاتێک هەست بە ئارامی بکەین کە کاردەکەین; رەنگە ئێمە کەمێک فێڵاوی بین سەبارەت بەو سۆزەی دوای سێکس یان بێدەنگ بوون لە وەڵامی سوکایەتی پێکردن. هیچ کەس پێرفێکت نیە، کێشەکە ئەوەیە ئێمە پێش هاوسەرگیری بە دەگمەن رۆدەچینە ناو ئاڵۆزیەکانمان. هەرکاتێک پەیوەندیەکی ئاسایی دەبێتە هەڕەشە بۆ دەرخستنی کەموکووڕیەکانمان، ئێمە هاوبەشەکەمان لۆمە دەکەین و وازی لێدەهێنین. سەبارەت بە هاورێکانمان، ئەوان ئەوەندە گرنگی بەوە نادەن بیرمان رۆشنبکەنەوە. لەبەرئەوە یەکێک لە ئیمتیازەکانی ئەوەی کە هەر بۆ خۆمانبین ئەو هەستە راستگۆیانەیە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانین لەگەڵ خۆمان بژین.

 هاوبەشەکانیشمان لە ئێمە زیاتر بە ئاگا نین، بە شێوەیەکی سروشتی، ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین تا تێیانبگەین. سەردانی خێزانەکانیان دەکەین، سەیری وێنەکانیان دەکەین، هاوڕێکانی کۆلیجیان دەبینین. هەموو ئەوانە بەشداری ئەوە دەکەن لەوەی کە ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێهێناوە، بەڵام وامان نەکردووە. هاوسەرگیری بریتییە لە قومارێکی بێکۆتایی لە ئومێد و بەخشندەیی لە نێوان دوو کەس کە تا ئێستاش نازانن خۆیان کێن و نە دەشزانن ئەوەی تر لەوانەیە کێ بێ، خۆیان بە داهاتوویەکەوە دەبەستنەوە کە بیریان لێنەکردۆتەوە وە زۆر وریایانەش خۆیان لە لێکۆڵینەوە لێی(داهاتوو) لاداوە.

لە زۆرینەی تۆمارکراوە مێژوویەکان، خەڵکی لەبەر چەندین هۆکاری لۆژیکی (ئەقڵانی) هاوسەرگیری کردووە: لەبەر ئەوەی پارچە زەویەکانی هاوسنوربوون لەگەڵ هی تۆ، خێزانەکەی بزنسێکی گەورەی هەبووە، باوکی حاکم و دەسەڵاتدار بووە لە شارەکە، قەڵایەک هەبووە دەستی پێوە بگری یان دایک و باوکی هەمان تەفسیر و باوەڕیان هەبووە بۆ ئاینەکە. لەم هاوسەرگیریە لۆجیکیانەوە تەنهایی درووست دەبوو، ناپاکی و ئازاردان و دڵرەقی تا هەندێک جار هاواریان دەگەیشتە دەرگای دەرێ. هاوسەرگیری ئەقڵانی،وەک دەرکەوت هیچ ئەقڵانی نەبوو, بەڵکو زیاتر وەسیلە بوو، بیرتەسکی و کەلەرەقانە و ئیستغلالکەرانە بوو. لەبەر ئەم هۆیە، ئەو هاوسەرگیریەی جێی گرتەوە- هاوسەرگیری لە رێگەی هەستەکان برێکی زۆر رەوایەتی بەخۆیداوە.

ئەوەی گرنگە لە هاوسەرگیری هەستەکان ئەوەیە کە دوو کەس بەهۆی غەریزەیەکی لەرادەبەدەر لەیەکەوە نزیک دەبنەوە و لە دڵەوە و دەزانن کە راستە. لە راستیدا هەرچەند هاوسەرگیریەکە بێئاوەز دەربکەوێت( لەوانەیە تەنها شەش مانگ بێت یەکتریان ناسیوە یان تازە قۆناغی هەرزەکاریان تێپەراندووە)هەستدەکرێ سەلامەتترە. کەمتەرخەمی وەک هاوتای هەموو ئەو هەڵانە دادەنرێ کە ئەقڵ دەیکات، وەک کارلێکی نەهامەتیی، وەک داواکارییەکی بەردەوام، ئەو شکۆ و پایەی دراوەتە غەریزەکان کاردانەوەیەکی ترسناکی چەندین سەدەیە لە بیرکردنەوەی نائەقڵانی.

هەرچەندە باوەڕمان وایە کە بەدوای خۆشبەختیەوەین لە هاوسەرگیریدا، بەڵام مەسەلەکە ئەوەندە سادە نیە. ئەوەی بەراستی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین ئاشنایەتیە، کە لەوانەیەئەو پلانانەی بۆ خۆشبەختی هەمانبوون ئاڵۆزبکات. ئێمە بە دوای ئەوەین ئەو هەستە دروستبکەینەوە لە پەیوەندیە بالغ بووەکانماندا کە بە منداڵی زۆر ئاشنابووین پێی. ئەو خۆشەویستیەی زۆربەمان لە تەمەنێکی کەمەوە تاممان کردووە زۆر جار تێکەڵ دەبێت لەگەڵ چەندین داینامیکی روخێنەری تر: هەستی ئەوەی بتەوێ یارمەتی کەسێکی بالغ بدەی کە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، یان لە گەرم و گوری باوانی مەحرووم بووە، یان ئەوەندە هەست بە ئارامی نەکەین لە گەیاندنی خۆزگەکانمان. کەواتە تا چەند لۆجیکیە ئێمە وەک بالغ بوو، کەسانێک رەدبکەینەوە بۆ هاوسەرگیری نا لەبەر ئەوەی گونجاونین بەڵکوو لەبەر ئەوەی زیاد لە پێویست گونجاون، هاوسەنگن، ئاقڵن، تێگەیشتون، وە دەتوانرێ پشتیان پێببەسترێ، چونکە لە ناو دڵماندا ئەو هەموو گونجاوە شتێکی ئاشنا نیە.ئێمە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا دەکەین چونکە ناتوانین خۆشویستنمان ببەستینەوە بە خۆشبەختیەوە.

هەروەها ئێمە هەڵە دەکەین، چونکە کەسانی زۆر تەنیاین. هیچ کەس ناتوانێ لەوپەڕی کارایی زهنیدابێ لە کاتێکدا کە ناتوانێ بەرگەی تەنیاییەکەی بگرێ. دەبێت بە تەواوەتی لە دۆخێکی ئارامی دابین لەگەڵ دەرفەتی چەندین ساڵ تەنیایی بۆ ئەوەی بە دروستی هەڵبژێرین، ئەگینا دەکەوینە بەر مەترسی ئەوەی کە حەزبکەین تەنها چیتر سەڵت نەمێنێین نەوەک حەزبکەین کە کەسێکمان هەبێت کە ڕێگری لەوە بکات توشی ئەو چارەنوسە ببین.

لە کۆتاییدا ئێمە هاوسەرگیری بۆ ئەوە دەکەین تا هەستێکی خۆش بکەینە هەمیشەیی. وا وێنا دەکەین کە هاوسەرگیری دەتوانێ ئەو خۆشیە بۆ هەمیشە هەڵگرین کە لە کاتی داواکاری بۆ هاوسەرگیری هەمان بوو. لەوانەیە لەو کاتەدا لە«ڤینیسیا» بوبین، کەنار ئاوەکە، لە ناو بەلەمێکدا، کە تیشکی خۆری ئێوارە لە لەهەموو دەریاکە بریسکەی دەدا. باسکردنی ئەو لایانانەی ڕۆحمان کە هەرگیز کەس پەی پێنەبردووە لەگەڵ خەیاڵی ئەوەی کە دواتر خوانێکی خۆش دەخۆن بەیەکەوە لە رێستۆرانت دەخۆن. ئێمە هاوسەرگیریمان کرد تا ئەم هەستانە بکەینە هەمیشەیی، بەڵام فەشەلمان هێنا لەوەی ببینین کە هیچ پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان ئەو هەستانە و دامەزراوەی هاوسەرگیری نییە

لە راستیدا، هاوسەرگیری مەیلێکی بەهێزە بۆ بوون بە ئەوی تر، فڕۆکەیەکی تەواو جیاواز و زیاتر ئیداری، کە لەوانەیە لە خانویەکی قەراغ شار بنیشێتەوە, لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری منداڵ کە ئەو حەزە دەکوژن کە بووە هۆی هەڵگیرسانی. تاکە پێکهاتەیەکی هاوبەش، دۆستێکە، لەوانەیە ئەویش پێکهاتەیەکی هەڵە بێت بۆ خستنە ناو بۆتڵەوە.

 هەواڵە باشەکە ئەوەیە، گرنگ نییە ئێمە بۆمان دەرکەوێت کە هاوسەرگیریمان لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا کردووە. نابێت هاوبەشەکەمان جێبهێڵین، تەنها ئایدیای رۆمانتیکی،کە تێگەیشتنی ڕۆژئاوایی بۆ هاوسەرگیری لە ماوەی ۲۵۰ ساڵی ڕابردوودا پشتی پێ دەبەستێت ئەوەیە کە: بوونی کەسێکی پێرفێکت و تەواو، کە هەموو پێداویستیەکانمان پڕبکاتەوە وە هەموو حەزەکانیشمان دامرکێنێتەوە.

پێویستمان بەوەیە چیتر جیهانبینی ڕۆمانتیکی بگۆڕین بۆ تێڕوانینێکی تراژیدی ( لە هەندێک حاڵەتیشدا کۆمێدی)، بگەینە ئاگاییەک کە هەموو ئینسانێک تووشی وەرەسی و تووڕە بوون و بێتاقەتی،شێتی و نائومێدیمان دەکات، وە ئێمەش ( بێ هیچ ڕق و کینەیەک) هەمان شت بەرامبەر ئەوان دەکەین.

فەلسەفەی ڕەشبینی چارەسەری زۆر، بۆ ناڕەحەتی و ناڕازیەکان، سەبارەت بە هاوسەرگیری پێشکەش دەکات، لەوانەیە نامۆ دەرکەوێ، بەڵام ڕەشبینی لەو هەموو فشارە زۆرەی کەلتووری ڕۆمانتیکی خستویەتیە سەر هاوسەرگیری نەجاتمان دەدات. فەشەلهێنانی هاوبەشێکی تایبەت لەوەی هەموو خەم و ئازارەکانمان نەهێڵێ نابێتە بیانوو دژی ئەو کەسە وە نیشانەش نییە کە پێکەوە بونەکە مایەی فەشەلە یان تازەکردنەوەیە

ئەو کەسەی گونجاوترین کەس دەبێت بۆ ئێمە، ئەو کەسە نیە کە لە هەموو شتێکدا وەک ئێمەیە(ئەو کەسە بوونی نیە)،بەڵکو کەسێکە ئاقڵانە خاڵە جیاوازەکان گفتوگۆ دەکات، کەسێک باش بێت لە ناڕەزای بوون. باشتر لە کەسێکی تەواوکەری پێرفێکت، ئەوە ئەوە، توانای قەبووڵ کردن و تۆلێرانسی جیاوازیەکانە بە دڵێکی پاکەوە، دەرخەری ئەوەیە کە ئەو کەسە «بە تەواوی» هەڵە نیە. گونجان یەکێکە لە دەسکەوتەکانی خۆشەویستی نەک ئەوەی پێشمەرجێک بێت بۆی.

ڕۆمانتسیزم بێکەڵک بووە بۆ ئێمە، فەلسەفەیەکی رەق و تووندە، وایکردووە زۆرێک لەو شتانەی ئێمە لە هاوسەرگیریدا پێیدا تێدەپەڕین وەک ناوازە و سامناك دەربکەوێت.ئەمەش وادەکات ئێمە تەنیا بمێنینەوە و بگەینە بە قەناعەتێک کە یەکگرتنمان، بە ناتەواویەکانیشیەوە "ئاسایی" نیە. دەبێت فێریبن خۆمان رابهێنین لەگەڵ«هەڵە»دا. هەمیشە هەوڵدەین کە دونیابینیەکی بەخشندانە و گاڵتە و گەپانە لە حاڵەتە زۆر و زەوەندەکانی ژیانمان بگریتە خۆ.

وەرگێران : رەوەند مەمەند ئەحمەد

https://www.facebook.com/rawand.mamand

سەرچاوە:

. The New York Times


Comments

Popular posts from this blog

تیۆری کەسایەتی کارل گۆستاف یۆنگ

ئەنیما و ئەنیمۆس-ی مۆدێرن ...

مانای ژیان - ڤیکتۆر فرانکل