منداڵەکەی دەروون

نیتشە دەڵێت "ژن لە پیاو باشتر منداڵ دەناسی ، بەڵام منـداڵی لەپیاودا پترە لە ژن، لە پیاوی رەسەندا منداڵیکی شــــاراوە هــەیـە کە دەیــەوێت کـــایە بکات، رابـن ژنەکان منداڵ لە پیاودا بدۆزنەوە"
بەڵام ئایا وەک نیتشە دەڵی تەنها لە پیاودا منداڵ بوونی هەیە ؟ ئایا لە ناو ئافرەتانیش ناتوانین بەدوای ئەو منداڵەدابگەرێن کە کایە دەکات؟ یەکێک لە زانا گەورەکانی دەروونزانی (اریک بێرن) کە یەکێک بووە لە پێرەوانی دەروونشیکاری فرۆید و بەڵام دواتر تیۆرێکی تایبەتی بەناوی خۆی دانا بە ناوی - نظرية التحليل التفاعلات* . ئەو جیاواز لە فرۆید کەسایەتی مرۆڤی دابەشکرد بەسەر سی بەش ئەوانیش
(منی باوان - منی پێگەیشتوو - منی منداڵ)، بەپێی لێکدانەوەی بێرن لە هەموو مرۆڤێکدا سێ جۆری کەسایەتی هەیە، هاوشێوەی دابەشكردنەی فرۆید کە دابەشیکردبوو بەسەر ( من - منی باڵا - ئەو )، بەڵام بەشەکانی بیرن جیاوازی هەبوو لەگەڵ فرۆید.. منی باوان لە مرۆڤدا ئەو بەشەیە کە پێکهاتووە لە بەهاو باوەرو رەوشتە رێگەپیدراوەکان لەلایەن باوانەوە یان کۆکراوەی ئەو داواکراوە دەرەکیانە (لەلایەن کەسانی دەوروبەری تاکەوە) کە لەتاک دەکرێت،ئەو "من" ە لە مرۆڤدا لە شێوە یاسا و رێساکان و قەدەغەکراوەکان و رێگەپێدراوەکان خۆی دەنوێنی ، واتە هەموو مرۆڤێک بەشێک لە باوانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە کە مواقیفەکانی ژیانیدا وەک ئەوان یاسا دەردەکا و شت قەدەغەدەکات و رێگەش بەشت دەدات و باش و خراپ بۆ بەرامبەرەکەی دیاری دەکات. کاتێک منی باوک لە مرۆڤدا قسە دەکات ئەوا فەرمان دەکات نەک داوا .
بەڵام منی پێگەیشتوو (The Adult Ego State) بریتیە لە کە کۆمپیوتەری کەسایەتی کە هەڵدەستی بە تۆمارکردن و ناردنی زانیاری و داتاکان ئەو ئەلتەرناتیڤانەی کە هەیە هەڵیان دەسەنگێنێ، بریارەکان لەسەر بنەمای زانستی دەدات نەوەک لە ژێر کاریگەری منی باوان یان لایەنی سۆزداری منی منداڵ، واتە هەم لایەنی دەرەکی مرۆڤ وە هەم لایەنی ناوەکی بە گرنگ وەردەگرێت لە ساتی بریارداندا ، کاتێک مرۆڤ لە ژێر کاریگەری منی پێگەیشتوو دادەبێت ئەوا ئەوا بریارەکانی بە ژیرانەو واقعیانە دادەنرێت وە تەنها گرنگی بە راستیەکان دەدات منی پێگەیشتوو بەشێکی پێویستە بۆ راگرتنی هاوسەنگی کەسایەتی لە نێوان دوو بەشەکەی تردا.
منی منداڵ (the Child Ego State) : هەموو مرۆڤێک لە ژیانیدا منداڵ بووە وە کاریگەریەکانی منداڵی بەردەوام دەبێت لەسەر ژیانی . بەشێکی گرنگە لە کەسایەتیداو مرۆڤ لە رێگەی ئەم بەشەوە چیژ وەردەگری، بەڵام بە مانای ئەوەنیە کە منیکی نا پێگەیشتووە، بەکۆمەڵێک شێوەی جیاواز دەکەوێتە ژێر کاریگەری منی باوان ، وە جیاوازە لە "ئەو" ی فرۆید لەگەڵ ئەوەی کاریگەرە بە منی منداڵ ، نارێک و پێک و ئالۆز نیە وەکو "ئەو - ID" ی فرۆید، منی منداڵ تەنها سلبیات و هەستی هەرەمەکی منداڵ ناگرێتەخۆ، بەڵکو بەشێک لە کەسایەتی منداڵی دەنوێنێ لە شیوەی خەون و خەیاڵات و سۆز.
بەلای "بێرن"ەوە ئەو سێ بەشە دەبێت هەرسێکیان بە هەماهەنگ و هاوکار بەیەکەوە کار بکەن دۆخێکی تەندروست دەبیت، ... لەبەر ئەمە لە هەموو مرڤێکدا منی منداڵ بوونی هەیە ئایا تا ئیستا تۆ توانیوتە منداڵەکەی ناخی خۆت بدۆزیەوە رامی بکەی ؟
* Transactional Analysis Theory
#karmandaziz
Comments
Post a Comment