سێبەر

carl jung-pin 6
کەسایەتی رەنگە ئەو بەشە درۆزنەی ئێمە بێت، کە هەموومان شانازی پێوە دەکەین، لە کاتێکدا هیچ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە نیە، یان دەمامکێکە بۆ فریودانی کەسانی دی و دڵنەوایکردنی کۆمەڵگا خستومانەتە سەرمان، بەلای "یۆنگ"ەوە لە نێوان" کەسایەتی" و "سێبەر"دا  جیاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە کەسایەتی شتێکە و نیمانە دەیکەین بەبەرخۆماندا، بەوەش یان دڵی خۆمان ڕازی دەکەین، یان کۆمەلگا، بەڵام "سیبەر" ئەو شتەیە  کە هی خۆمانە و نامانەویت و نکۆڵی لێدەکەین، بەوەش یان دەیدەین بە کەسانی تر یان دەیچەپێنین، بەڵام بەبروای یۆنگ ئەو شتە بۆ هەمیشە لە ئێمەدا وون نابێت، یان لە ناوناچێت، بەڵکو لە نێو نائاگایی ئێمەدا و لە زەمەنێکی تردا بە جۆرێک دەسەڵات پەیدا دەکاتەوە و دەست دەگرێت بەسەر کەسایەتیماندا، یان جۆرێک لە هەڵگەرانەوە (انقلاب) ڕوودەدات. یۆنگ زۆر بەسادەیی گوتی "سێبەر ئەو کەسەیە کە ئێوە ناتانەوێت ئەوبن".

زۆرجار تووشی سەرسوڕمان، دەبین بەوەی لە ناکاو شتێک لە کەسێک دەبینین، کە هەرگیز چاوەرێی نەبووین. بۆ نمونە کەسێکی باوەرداری خودا پەرست لە ناکاو دەست بە مەشڕوب خواردنەوە دەکات، یان بە پێچەوانەوە. وە دەبینی پیاوێکی بە تەقوای پیرۆز، لە پەیوەندیەکی ناشەرعی دەگیرێت. وە یان کەسێکی بێ باوەری بێدین، کە هیچ بروایەکی نەبووە، دەبێت بە کەسێکی بڕواداری بە تەقوا، وە چەندان نمونەی تر. ئەمانە بەڵگەن لەسەر ئەو هەڵگەرانەوەی کەسایەتی کە لە نێو "سێبەر"دا خۆیان مەڵاسداوە.

رەنگە مرۆڤی رۆشنبیری ئێمە، یەکێک بێت لەو مرۆڤ درۆزنانەی دنیایی ئێمە. هەمیشە زۆرترین دەمامک و کەمترین ڕووی ڕاستەقینەی بەدەرەوەیە، ئەو پێی وایە کاتێک ئەو مرۆڤە نزمەی ناخی دەچەپێنیت یان سیفەتە نەخوازراو و بێزراوەکانی خۆیی دەشارێتەوە ئیدی بۆتە مرۆڤێکی سۆپەرمان، بەڵام یۆنگ گووتەنی، بەو پشتگوێ خستنە مرۆڤە سوک و نەویستراوەکەی ناوەوەی بەرەو شۆرش هاندەدات و لە ساتێکدا ئەو بەشە بە دەسەڵاتێکی تەواو جیاوازەوە دەگەرێتەوە. لە قەڵەمێکی شۆرشگێرەوە دەبێتە قەڵەمێکی خائین، لە مرۆڤێکی نوێخواز و ئازادیخوازەوە دەبێتە مرۆڤێکی شەق وەشێنی سەرکوتکەر، لە مرۆڤێکی بە فەرهەنگی ڕەوانبێژەوە، لە هەرساتێکدا، دەبێتە کەسێکی دەمشڕی جنێودەری لاکۆڵان. جبران خلیل جبران گوتەیەکی هەیە دەڵێت "ڕاستەقینەی مرۆڤ لەوەدانیە کە نێشاندەدات، بەڵکو لەوەدایە کە ناتوانێت نیشانت بدات، لەبەر ئەوە گەر ویستت بیناسی، گوێمەگرە لەوەی کە دەیڵێت، بەڵکو لەوەی کە نایڵیت"، ئێمەش گەر بمانەوێت رۆشنبیری خۆمان بناسین، دەبێت هەوڵبدەین ئەوە بناسین کە نایکات، نەوەک ئەوەی کە لە بەرچاومان دەیکات.


کارمەند عەزیز عەلی

FB.COM/karmand.aziz

Comments

Popular posts from this blog

تیۆری کەسایەتی کارل گۆستاف یۆنگ

ئەنیما و ئەنیمۆس-ی مۆدێرن ...

مانای ژیان - ڤیکتۆر فرانکل