پارادۆکسەکانی خۆشەویستی - The Paradoxes of Love

پارادۆکسەکانی خۆشەویستی (کارل گۆستاڤ ێۆنگ)
لە کتابی[ یادەوەری و خەون و ئەندێشەکان]
. لەم خاڵەوە راستیەک خۆی دەسەپێنێ بەسەر سەرنجمدا(ئاگایی) کە جگە لەکایەی ئەندێشە و خەیاڵ پانتایەکی فراوان ئەگەر نەڵێین فراوانتر لە ئەوانی هەیە، کە تیایدا بیرکرنەوەی ئەقڵانی و نمایندەی شێوەکانی ئەقڵانیەت بە "حاڵ" جێگایەکی تێیدا هەیە، ئەویش مەملەکەتی (ئیرۆس)ە. لە سەردەمانی کلاسیک کاتێک ئەو شتانە بە دروستی دەگەیشتن، ( ئیرۆس) وەک خودایەک سەیردەکرا کە خوایەتیەکەی سنورەکانی مرۆڤی تێدەپەڕاند، هەر لەبەر ئەم هۆیەش بوو نەدەتوانرا تێیبگەی و نە دەشتوانرا بە هیچ جۆرێک نوێنەرایەتی بکرێ. لەوانەیە من، وەک چۆن زۆرێکیش پێش من، هەوڵیانداوە سەرکێشی بکەن و لەو "شەیتانە" نزیک ببنەوە کە زنجیرەی چالاکیەکانی لە بۆشاییە ناکۆتاکانی بەهەشتەوە درێژدەبێتەوە بۆ قوڵاییە تاریکەکانی جەهەنەم؛ بەڵام زمانم دەگیرێ لەبەرانبەر ئەو ئەرکەی زمانێک بدۆزمەوە بتوانم پارادۆکسە [ دژیەک] لە ئەژمارنەهاتوەکانی خۆشەویستی دەربڕم.
ئیرۆس گەردوونیە خولقێنەر و دایک و باوکی ئاگاییە باڵاکانە، هەندێک جار هەستدەکەم وتەکانی [پۆلس]* " ئەگەر من بەزمانی مرۆڤ و فریشتەکانیش قسە بکەم بەڵام هیچ خۆشەویستیم نەبێ". لەوانەیە یەکەم مەرجبێت بۆ هەموو ئیدراک و جەوهەرێکی خودا خۆی. هەر لێکدانەوەیەکی وەرگیراو هەبێ لەو رستەیەی "خودا خۆشەویستیە" ، ئەم وشانە تەئکید لەسەر یەکگرتنی دژبەیەکەکان دەکات لە بیری خوادا.**
لە ئەزموونی پزیشکیمەوە وە لە ئەزموونی ژیانی خۆشمەوە چەندین جار رووبەڕوی نهێنیەکانی خۆشەویستی بوومەوە وە هەرگیز نەمتوانیوە بتوانم روونیبکەمەوە کە چیە. وەک چۆن [یعقوب]*** " دەبوایە دەستم بخەمە سەر دەمم، جارێکی قسەیەکم کرد، وە وەڵامیش نادەمەوە"**
ئەمەیە گەورەترین و بچوکترین، دوورترین و نزیکترین، بەرزترین و نزمترین، وە ناتوانین تەنها یەک ڕووی باسبکەین و دیوەکەی تری فەرامۆش بکەین، هیچ زمانێک کافی نییە بەرامبەر ئەم پارادۆکسە. هەرچی شتێک کەسێک بیڵێ وە هیچ ووشەیەک ناتوانێ هەمووی دەربڕێ. ئەگەر باسی بەشێک لە ڕووەکانی بکەی یان هەمیشە زۆر زۆرە یان زۆر کەمە چونکە تەنها سەرجەمی مانادارە. "خۆشەویستی هەموو شتێک دەگرێتە خۆی" وە "بەرگەی هەموو شتێکیش دەگرێ" ئەم ووشانە هەموو ئەوانەن کە پێویستە بووترێ. ناتوانرێ هیچی بۆ ئیزافە بکرێ چونکە ئێمە لە مانا قووڵەکەیدا قووربانی و ئامێریکین بەدەست "خۆشەویستیەکی" گەردوونیەوە. وشەی "خۆشەویستی" دەخەمە ناو نیشانەی [ کۆتەیشنەوە " "] تا دایبڕم لە کۆنۆتەیشنەکان(مغزا)ی [ حەز، دڵبەستی، پەسەندبوون و خۆزگە و هەستە هاوشێوەکانی، بەڵکو وەک شتێکی باڵاتر لە تاک، سەرجەمێکی یەکگرتوو و دابەشنەکراو.
بە بوون بە بەشێک لێی، مرۆڤ ناتوانێ لە سەرجەمی تێبگا، بەڵکو لەژێر رەحمەتیدایە. لەوانەیە بتوانی بچیتە پاڵیەوە یان لێی یاخی ببی بەڵام هەمیشە لەودا گیردەبی و لەبازنەی ئەودا دەمێنیەوە. ئەو دەتوانێ لێی سەربەست بێت و وە هێزی لێوەرگرێ. خۆشەویستی بۆ ئەو ڕووناکی و تاریکیە کە کۆتایەکەی ناتوانێ ببینێ. "خۆشەویستی هەرگیز ناوەستێ" جا ئەگەر بەزمانی فریشتە قسە بکات یان بە ووردیەکی زانستی کە شوێنەواری ژیانی خانەیەک دەگەڕێنێتەوە سەر سەرچاوەکەی. مرۆڤ هەوڵدەدا ناو لە خۆشەویستی بنێ، هەموو ناوەکانی لە ژێر ئەمری ئەودا بەسەر ببارێنێ لەگەڵ ئەوەشدا خۆی لە خۆ هەڵخەڵەتاندنێکی بێکۆتایی دەئاڵێنێ. ئەگەر ئەو تۆزقاڵێک حیکمەتی هەبێ ئەوا قۆڵەکانی لێبەردەداتەوەو نەناسراوەکان بە ناوی نەناسراوتر ناودەنێ، ئەوەش بەناوی خودایە. ئەمە دانپیانانە بە ملکەچبوون، بە نا تەواو بوونی وە بە پەیوەستبوونی؛ بەڵام لەهەمان کاتدا شایەتی دانە لەسەر ئازادی هەڵبژاردن لە نێوان راستی و هەڵەدا.
وەرگێرانی : رەوەند ئەحمەد مەمەند
Comments
Post a Comment