دەربارەی مانای ژیان - وێل دۆرانت
ده‌رباره‌ی مانای ژیان
له پاییزی ساڵی 1930(ویڵ دۆرانت) له به‌رده‌م خانوه‌كه‌یدا خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی گه‌ڵای وه‌ریوی دره‌خته‌كان بوو،له‌ناكاو پیاوێكی ڕێك پۆش به ئارامی لێی نزیك بوویه‌وه و به ده‌نگێكی نزم وتی: "بڕیارم داوه خۆم بكوژم و ئه‌مه‌ش جێبه‌جێ ده‌كه‌م،مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ هۆكاری مه‌عقولم بده‌یتێ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه ئه‌نجام نه‌ده‌م."
دۆرانت له‌و كات و بارودۆخه كتوپڕه‌دا نه‌یده‌زانی چی به‌و پیاوه بڵێ و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ:
"هه‌ندێ چاره‌سه‌ری ساده و سه‌رپێیم پێ وت:پێم وت كارێكی باش بۆ خۆت په‌یدا بكه،وتی كارم هه‌یه و داهاتێكی باشیشم هه‌یه،وتم نانێكی باش بخۆ،وتی برسیم نیه.دیار بوو قسه‌كانم هیچ كاریگه‌ریی له سه‌ر نه‌بوو،بۆیه ڕۆشت و ئیدی نه‌مزانی چی به‌سه‌ر هات.دواتر بۆم ده‌ركه‌وت له نێوان ساڵانی 1905-1930 ز نزیكه‌ی (284،142)دوو سه‌د و هه‌شتاوچوار هه‌زار و سه‌دو چل و دوو كه‌س له ویلایه‌ته‌یه‌كگرتوه‌كان خۆیان كوشتووه!
ئه‌م ڕوداوه بووه سه‌رچاوه‌ی بیرۆكه‌یه‌ك بۆ دۆرانت بۆ نوسینی كتێبێك به ناوی(ده‌رباره‌ی مانای ژیان).ده‌قی كتێبه‌كه تا ماوه‌یه‌كی زۆر‌به‌رده‌ست نه‌بوو،به‌ڵام بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 2005 به كۆششی(جۆن لیتڵ) بڵاوبووه‌وه كه تێیدا دۆرانت كۆمه‌ڵێك نامه‌ی بۆ سه‌د كه‌سایه‌تی دیار له (نوسه‌ر،شاعیر،هونه‌رمه‌ند،فه‌یله‌سوف،به‌رهه‌مهێنه‌ری فلم،وه‌رزشكار،كه‌شتیوان،كه‌سانی دیندار،كه‌سانی بێ دین و زیندانیه‌ك)نارد. پرسیاری سه‌ره‌كی نامه‌كان ئه‌مه بوو:
"مانای ژیان لای ئێوه چیه؟ چی وا ده‌كات نا‌ئومێد نه‌بن و به‌رده‌وام بن له ژیان؟سه‌رچاوه‌ی ئیلهام و وزه‌ی ئێوه چیه؟ئامانج یان پاڵنه‌ری كار و چالاكیه‌كانتان چیه؟دین_گه‌ر باوه‌ڕتان پێی هه‌یه_چ كۆمه‌كێكتان پێ ده‌كات؟
دۆرانت له نامه‌كه‌یدا به ئه‌نقه‌ست دیدێكی تا ڕاده‌یه‌ك ڕه‌شبینانه‌ی سه‌باره‌ت به مێژووی مرۆڤ،حه‌قیقه‌ت و ده‌ستكه‌وته‌كانی زانست خستووه‌ته ڕوو،بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداربوان له وه‌ڵامه‌كانیاندا ئه‌م دیده ڕه‌شبینه_واقعییه‌یان له‌به‌رچاو بێ.
وه‌ڵامی نامه‌كان كه له كتێبه‌كه‌دا هاتووه،جۆراوجۆرن،هه‌ندێكیان كۆمه‌ڵێك وه‌ڵامی ڕه‌شبینانه‌ن،هه‌ندێكیان واقیبعینانه‌ن،هه‌ندێكیان گه‌شبینانه‌ن و هه‌ندێكیشیان له به‌ر دژواری پرسیاره‌كه،به كورتی وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه و "نازانمگه‌رایی"خۆیان سه‌باره‌ت به مانای ژیان ده‌ربڕیوه،له‌وانه(بێتراند ڕه‌سڵ و بێرنارد شۆ).
یه‌كێك له نامه‌كان نێردرا بۆ (ئۆوین میدڵتۆن) كه زیندانیه‌كی زیندانی(سینگ سینگ) بوو له شاری نیۆیۆرك كه ناوبراو حوكمدار بوو به(زیندانیی ئه‌به‌د).وه‌ڵامی ئه‌م زیندانیه هه‌ڵگری هه‌ندێ لایه‌نی گرنگه و نیشانه‌ی به‌رزی ئاستی ئاگاهی ئه‌وه(به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی زۆر جار وێنای ئێمه بۆ كه‌سانی زیندانی،وێنایه‌كه كه ئه‌مانه له ڕووی عه‌قڵییه‌وه ئاست نزم و تاوانبارن و دركێكی ئه‌وتۆیان له ژیان و پرسیاره مه‌زنه‌كانی ژیان نیه).لێره‌دا ده‌قی نامه‌كه وه‌رده‌گێڕم:
________________________________________________
من-پیاوێك كه حوكمدراوم به زیندانی ئه‌به‌د-له وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی ئێوه‌دا ده‌ڵێم:مانای ژیان بۆ من په‌یوه‌ندی هه‌یه و سنورداره به تواناكانم له دیاریكردنی حه‌قیقه‌ته مه‌زنه‌كان و فێربوون و سودوه‌رگرتن له‌و وانانه‌ی كه ژیان فێرمان ده‌كات.به كورتی ژیان ته‌نها له‌و ڕووه‌وه به‌های هه‌یه كه ئیراده ده‌كه‌ین و بۆ به‌هاداركردنی هه‌وڵ ده‌ده‌ین.
ژیان،ته‌نانه‌ت له پشتی دیواره‌كانی زیندانه‌وه ده‌كرێ ئه‌وپه‌ڕی نایاب و سه‌ره‌نج ڕاكێش و گرنگ بێ،به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ژیان له ده‌ره‌وه‌ی زیندان.لێره‌دا هه‌موو شتێك په‌یوه‌ندی به دروستی و سه‌قامگیری ئه‌و تێڕوانین و فه‌لسه‌فه‌یه‌وه هه‌یه كه هه‌ر كه‌سێك هه‌یه‌تی.
فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی من زۆر ساده‌یه و تێكه‌ڵه‌یه‌كه له كۆمه‌ڵێك باوه‌ڕی ساده كه(حه‌قیقه‌ت)ئه‌ستێره‌ی ڕێنمایه‌تی.من پشت به‌و هاوسه‌نگییه ده‌رونیی-زیهنییه ده‌به‌ستم كه زۆر گرنگه و بێ ئه‌مه،خۆم له نێو كۆمه‌ڵێك گومان و نیگه‌رانی و بیركردنه‌وه‌ی لێكدژ دا ده‌بینمه‌وه.به‌ڕێزت له نامه‌كه‌تدا نووسیوته:
"گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی مرۆڤ له مێژوودا كه‌شفی حه‌قیقه‌ت بوو،كه‌شفی حه‌قیقه‌ت ئێمه‌ی به‌خته‌وه‌ر نه‌كرد،چونكه حه‌قیقه‌ت جوان نیه.كه‌شفی حه‌قیقه‌ت ئێمه‌ی ئازاد نه‌كرد،مه‌گه‌ر له‌و وه‌همانه‌ی كه ده‌بووه هۆی دڵنه‌وایی كردنمان.كه‌شفی حه‌قیقه‌ت هه‌موو هۆكاره‌كانی ژیانی له ئێمه سه‌ندووه‌ته‌وه،جگه له ئومێده‌واربوون له چێژه كاتییه‌كان و ئومێدی هیچی ئێمه به سبه‌ی".
گه‌ر كه‌شفی حه‌قیقه‌ت له پێناو ڕزگاربوون بێ له وه‌هم و خورافه و نه‌ریته هه‌ڵه‌كان،ئه‌وا منیش له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا كۆكم.به‌ڵام لای من حه‌قیقه‌ت نه جوانه و نه ناشرینه،حه‌قیقه‌ت ته‌نها هه‌یه،حه‌قیقه‌ت حه‌قیقه‌ته.بۆچی ده‌بێ حه‌قیقه‌ت یان جوان بێ یان ناشرین؟وه‌ك چۆن ژماره ته‌نها ژماره‌یه.
كاتێ كه‌سێك ده‌یه‌وێ بارودۆخی وردی كار و كاسپیه‌كه‌ی هه‌لسه‌نگێنێ،سود له ژماره وه‌رده‌گرێ،گه‌ر ژماره‌كان ئاماژه بن به بارودۆخی خراپی كار و كاسپییه‌كه‌ی،ئه‌وا كه‌سه‌كه ئیدانه‌ی ژماره‌كان ناكات و تۆمه‌تباریان ناكات كه ئه‌میان له وه‌هم ڕزگار كردووه.بۆچی ده‌بێ ئیدانه‌ی حه‌قیقه‌ت بكات،له كاتێكدا حه‌قیقه‌ت ته‌نها خزمه‌تی به‌م كردووه،وه‌ك چۆن ژماره‌كان له كار و كاسپییه‌كه‌یدا خزمه‌تی به‌م كه‌سه كردووه.
ڕه‌گ و ڕیشه‌ی بتپه‌رستی له سروشتی ئێمه‌دا،سیمایه‌ك له حه‌قیقه‌ت به‌رجه‌سته ده‌كات كه به‌رگێكی شاهانه‌ی پۆشیوه،به‌ڵام كاتێ حه‌قیقه‌ت به به‌رگێكی ساده و خاكییانه ده‌رده‌كه‌وێ،هاوار ده‌كه‌ین:" ئاه له حه‌قیقه‌ت چه‌ند مایه‌ی وه‌ڕه‌سبوونه".
نه‌ریت و كو‌لتور وای كردووه به‌هه‌ڵه باوه‌ڕه‌كانمان به حه‌قیقه‌ت بزانین.نه‌ریت و كولتوری باو و شێوه‌ی ژیانمان وای كردووه ژیانمان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بچێ كه باوه‌ڕ بكه‌ین ناتوانین به‌خته‌وه‌ر بین،مه‌گه‌ر ته‌نها له ژێر بارودخێكی دیاریكراوی نمونه‌ییدا كه هاوشانه له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئاسوده‌یی هه‌ڵقوڵاو له هۆكاره مادییه‌كان،به‌ڵام ئه‌مه حه‌قیقه‌ت نیه،ئه‌مه باوه‌ڕه.
حه‌قیقه‌ت پێمان ده‌ڵێ به‌خته‌وه‌ریی بریتیه له دۆخی هاوسه‌نگیی ده‌رونیی-زیهنی خۆمان.ده‌كرێ ئاسوده‌یی له دورگه‌یه‌كی ته‌ره-كه‌وتوو،له شارێكی بچوك،یان له خانویه‌كی بچوك كه به كرێمان گرتووه،بدۆزینه‌وه،وه‌ك چۆن ده‌كرێ به‌خته‌وه‌ریی له كۆشكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان یان كۆخی هه‌ژاره‌كانشدا بدۆزینه‌وه.
به‌ندبوون له زینداندا نابێته هۆی چاره‌ڕه‌شی مرۆڤ،گه‌ر به‌و شێوه‌یه بوایه،هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئازادن و له زینداندا نین،به‌خته‌وه‌ر ده‌بوون.هه‌ژاری به‌ته‌واوی نابێته هۆی به‌دبه‌ختی،گه‌ر وا بوایه،ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌خته‌وه‌ر ده‌بوون.ئه‌و كه‌سانه‌ی له شاره بچوكه‌كاندا ده‌ژین و ده‌مرن،تا ڕاده‌یه‌كی باش به‌خته‌وه‌رن،یان به‌خته‌وه‌رترن له زۆر له‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌موو ژیانیان له سه‌فه‌ردا ده‌به‌نه سه‌ر.
پیره پیاوێكی ڕه‌ش پێستم ده‌ناسی كه نه‌یده‌توانی له مانای ساده‌ترین وشه‌كان تێبگات،له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌خته‌وه‌رتر بوو له‌و مامۆستای زانكۆیه‌ی كاری بۆ ده‌كرد.
چینیه‌كان و هیندیه‌كان و ئه‌فریقییه‌كان و ئیسپانیه‌كان و توركه‌كان،باكور،باشور،خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا هه‌موویان خه‌ڵكانێكی به‌خته‌وه‌ریان تێدایه.خه‌ڵكانێكی به‌ناوبانگ هه‌ن و به‌خته‌وه‌ریشن،خه‌ڵكانێكی بێ ناو و نیشانیش هه‌ن دیسانه‌وه به‌خته‌وه‌رن.به‌خته‌وه‌ریی نه په‌یوه‌ندی به ڕه‌گه‌زه‌وه هه‌یه و نه به لایه‌نی دارایی و نه به پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه شوێنی جوگرافی.كه‌واته به‌خته‌وه‌ریی چیه و له چ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ؟
ئاگاهی پێمان ده‌ڵێ به‌خته‌وه‌ریی شێوه‌یه‌كه له ئاسوده‌یی ده‌رونیی-زیهنی.كه‌واته به‌خته‌وه‌ری به پله‌ی یه‌كه‌م له ده‌ورن و زیهنی مرۆڤدایه.هه‌ن كه‌سانێك ده‌یانه‌وێ باوه‌ڕ به‌وه بكه‌ین،بیركردنه‌وه،دۆزینه‌وه و داهێنان به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن ژیان كار و كاسپیه‌كی بێ به‌رهه‌م و نائومێدكه‌ره و مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی دۆشداماو و مه‌حكومه به شكست و فه‌رامۆشی،بۆیه له‌م دیده تاریكه‌وه به سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌ڵێ:" سودی هه‌موو ئه‌مه چیه؟"
مێژووی سروشتی فێرمان ده‌كات ئه‌و شێوه ژیانانه‌ی كه خۆیان نه‌گونجاندووه له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كاندا،به ته‌واوی له‌ناوچوون،ئه‌وان بێ به‌هره بوون له‌و غه‌ریزه دروستكه‌ره‌ی ناوی(داهێنان و دۆزینه‌وه‌یه).ژیان به‌رده‌وام له گۆڕانكاریدایه و گه‌شه‌كردنی بیركردنه‌وه و داهێنان،یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن خۆمان له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كان بگونجێنین.
بێ نه‌زمی و نا-ڕێكوپێكی و شڵه‌ژان ته‌نها له زیهنی مرۆڤه‌كاندا هه‌یه،به‌ڵام عه‌قڵ ڕێگه نادت ژیان به شێوه‌یه‌كی دیكه ببینین.به بۆچونی من ژیان وه‌ك ڕوبارێكه و به‌رده‌وام به‌ره‌وه پێشه‌وه ده‌چێ،گێژاو و جه‌ریانه پێچه‌وانه‌كان بوونیان هه‌یه،به‌ڵام جه‌ریانی بنه‌ڕه‌تی ڕووه‌و پێشه،به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌م به‌ره‌و پێشچوونه له به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤه یان نا،بابه‌تێكی دیكه‌یه.
ژیان ناتوانێ به‌ره‌و پاش بچێ،وه‌ك چۆن مرۆیش ناتوانێ ئه‌وه بكات.ئه‌وه‌ی ژیان شتێكی ڕێكه‌وته،گریمانه‌یه‌كی قبوڵكراو و مه‌عقول و تا ڕاده‌یه‌كی باش سه‌لمێنراوه،به‌ڵام ئه‌نجامگیرییه‌كه‌ی ئه‌وه نیه كه به دڵنیاییه‌وه ژیان هیچ مانایه‌كی تێدا نیه.
ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕه‌خنه له سه‌رده‌م ده‌گرن به‌وه‌ی سه‌رده‌می ته‌كنیك و ئامێره،ئه‌وه له‌به‌ر چاو ناگرن كه (كاری ده‌ستی) شتێكی سروشتی نیه،به‌ڵكو (ڕاهاتنێكی به‌ده‌ستهاتوو)ـه.كاری ده‌ستی ئامڕازێك بووه كه مرۆڤی سه‌ره‌تایی به هۆیه‌وه هه‌وڵی ده‌دا خۆی له‌گه‌ڵ سروشتدا بگونجێنێ و له مه‌ترسی ڕوداوه‌كان خۆی به دوور بگرێ.ئامێر ته‌نها ئامڕازێكی خێراكه‌ری كاریگه‌ره له پێناو هه‌مان ئامانجی ڕابردوو،واته هه‌وڵ بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامیدان به ژیان.
مرۆڤه‌كان وه‌ك چۆن شێوه‌ی ژیانی خۆیان گۆڕیوه،پێویسته شێوه‌ی بیركردنه‌وه و نه‌ریتیان بگۆڕن.ئه‌مرۆ له كاتی خۆرئاوابوون له حه‌وشه‌ی زینداندا وه‌ستابووم و چاوم بڕیبووه ئاسمان و فڕۆكه‌یه‌كی جوان و گه‌وره‌ی هێڵی ئاسمانی لۆس ئه‌نجلۆسم بینی له له سه‌ر سه‌رمه‌وه تێده‌په‌ڕی.بیرم له‌وه كرده‌وه وه‌ك چۆن گیانه‌وه‌رانی پێش مێژوو به هه‌وڵ و ته‌قه‌لا له دڵی ده‌ریاوه هاتنه سه‌ر وشكانی،مرۆیش هه‌وڵده‌دات له وشكانی به‌ولاتر بچێ.
چ كه‌سێك بوێری ئه‌وه ده‌كات نكۆڵی له‌وه بكات ڕۆژێك مرۆڤ له‌مه‌ش زیاتر ده‌ڕوات و ده‌گاته بۆشایی نێوان ئه‌ستێره‌كان و مه‌عریفه‌یه‌ك به ده‌ست ده‌هێنێ كه وای لێده‌كات ئاستی ژیانی به‌رز بكاته‌وه و بگاته ئاگاهییه‌كی به‌رزتر.
نازانم ژیان به‌ره‌و چ ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌مانبا و ئه‌مه‌ش گرنگ نیه بۆم.گرنگ ئه‌وه‌یه:پێش گه‌یشتن به‌و خاڵه،من ڕۆڵی خۆمم گێڕاوه و قسه‌كانم كردووه و دونیا‌م به جێ هێشتووه.هه‌موو بیری من لای ئه‌وه‌یه چۆن ئه‌م ڕۆڵه‌م بگێڕم.
من مایه‌ی دڵنه‌وایی و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامم له تێگه‌یشتن له‌و خاڵه‌دایه كه:من به‌شێكی نا-جێگیره‌وه‌م له جوڵه‌ی ئاڵۆز و سه‌رنجڕاكێشی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێین ژیان و ده‌زانم هیچ شتێك،نه نه‌خۆشی تاعون،نه ئازاری جه‌سته‌یی و ده‌رونیی و ته‌نانه‌ت نه زیندان،ناتوانن ئه‌م ڕۆڵه له من وه‌ربگرنه‌وه!
________________________________________________
ویڵ دۆرانت(1885-1981)نوسه‌ر،مێژوونوس و فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی.نوسه‌ری زنجیره كتێبی به‌ناوبانگی(مێژووی شارستانیه‌ت) كه له یانزه به‌رگ پێكهاتووه و زیاتر له په‌نجا ساڵ له ته‌مه‌نی ته‌رخان كرد بۆ نوسینی ئه‌م زنجیره كتێبانه.له كتێبه‌كانی تری:
*مێژووی فه‌لسه‌فه
*چێژه‌كانی فه‌لسه‌فه
دەبارەی مانای ژیان
*له ته‌مه‌نی نه‌وه‌دو دوو ساڵیدا كتێبی(پاڵه‌وانه‌كانی مێژوو)ی نوس.
*خاوه‌نی خه‌ڵاته‌كانی(پولیترز 1968) و خه‌ڵاتی(میدالیای ئازادی 1977).
*مێژووی فه‌لسه‌فه
*چێژه‌كانی فه‌لسه‌فه
دەبارەی مانای ژیان
*له ته‌مه‌نی نه‌وه‌دو دوو ساڵیدا كتێبی(پاڵه‌وانه‌كانی مێژوو)ی نوس.
*خاوه‌نی خه‌ڵاته‌كانی(پولیترز 1968) و خه‌ڵاتی(میدالیای ئازادی 1977).
Comments
Post a Comment